لە كەركوك بەهۆی خۆڵبارینەوە ١٥٥ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كران

تەندروستی کەرکوک ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی شەوی ڕابردوو پارێزگای کەرکوکی گرتووەتەوە، ١٥٥ کەس توشی تەنگەنەفەسی هاتوون و بەم هۆیەشەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرکوک بڵاوی كردەوە، بەهۆی خۆڵبارینی چڕەوە کە پارێزگای کەرکوکی گرتووەتەوە، شەوی ڕابردو ١٥٥ کەس سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە،

ئەوەشی ڕاگەیاند کە، تیمە تەندروستییەکان بەردەوام لەئەرکدان بۆ چارەسەریی پێویستی سەرجەم ئەو کەسانە کە توشی تەنگەنەفەسی بوون و بەشێکیشیان پێشتر نەخۆشی ڕەبۆیان هەبووە.

هەروەها، د.زیاد خەڵەف مەدید، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک ڕایگەندووە، لەگەڵ دەستپێکردنی زریانی تۆز و شەپۆلی خۆڵبارین، پێویستە هاوڵاتیان ڕێکاری خۆپارێزیی بگرنە بەر.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات،کە بەهۆی خۆڵبارینەوە توشی تەنگەنەفەسی یان هەر حاڵەتێکی دیکە هاتوون، یاخود ئەوانەی بەدەست نەخۆشی درێژخایەنی کۆئەندامی هەناسەدانەوە دەناڵێنن و ناتوانن بگەنە نەخۆشخانەکان، پەیوەندی بە ژمارە ١٢٢ەوە بکەن و تیمەکانی فریاکەوتن سەردانی ماڵەکانیان دەکەن.

لە دوێنێ ئێوارەوە، شەپۆلێكی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و تائێستاش کاریگەریی ئەو شەپۆلە ماوە و بەوتەی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ نیمچە هەور دەبێت لە گەڵ ئەکەری کەمێک نمە باران هەورە بروسکە لە ناوچە شاخاوییەکان.

س.س

Comments are closed.